شنۆ؛ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی ڕەزا عێزەت تاج لە دەسبەسەرکراوانی پێشووی سیاسی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

11:24 - 19 جۆزەردان 2725

ڕۆژی شەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠٤، "ڕەزا عێزەت تاج"، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی "شاوانە" خەڵکی شنۆ پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنییەوە بانگی ئیتلاعاتی شنۆ کرا و پاش ئامادەبوون لەم ناوەندە ئەمنییەتییە بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوەکەی کوردپا دەڵێ، تۆمەتەکان و هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم بەندکراوە سیاسییەی پێشوو نادیارە.

پێشتر کوردپا، لە ڕۆژی ٦ی پووشپەڕی ١٤٠٠دا باسی لە دەسبەسەرکرانی "ڕەزا عێزەت تاج" بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان و ڕاگوێزرانی بۆ شوێنێکی نادیار کرد. ناوبراو لە کۆتاییدا دوای ١٣ ڕۆژ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوە لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ لە ڕۆژی ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٠ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.