سنە؛ دەسبەسەرکردنی توندوتیژانەی کەریم ئەسغەری، زاوای وریشە مورادی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی جۆزەردانی ١٤٠٤، کەریم ئەسغەری، هاوسەری خوشکی وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە بە شێوەی توندوتیژانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شاری شوێشە سەر بە شاری سنە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان بردووەتە سەر شوێنی کاری کەریم ئەسغەری لە شوێشە و بە توندوتیژیەوە دەسبەسەریان کردووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتیشی: مێهرانە مورادی خوشکی وریشەش لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە هەڕەشەی دەسبەسەرکرانی لێ کراوە.
کەریم ئەسغەری و مێهرانە مورادی پاییزی ساڵی ١٣٩٧یش لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرابوون و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.
وریشە مورادی(جوانا سنە)، ژنە چالاکی کورد ڕۆژی سێشەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ لە دەوروبەری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
وریشە پاش دەسبەسەرکران بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا و پاش دوو حەفتە لێپرسینەوە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لە کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ١٤٠٢دا بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین ڕاگوێزرا. ئەم ژنە چالاکە پاش ٥ مانگ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسی لە ڕۆژی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٢دا بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین ڕاگوێزرا.
ئەم بەندکراوە سیاسییە لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەبولقاسم سەڵواتی" بە تۆمەتی "بەغی" بە لەسێدارەدران مەحکووم کرا.