گیانلەدەستدانی کانبی شینودوکانە و ئیبراهیم ڕەسووڵزادە بە هۆی ڕووداوی کار لە ورمێ و مەهاباد

11:21 - 12 جۆزەردان 2725

ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی جۆزەردانی ١٤٠٤، کرێکارێک بە ناوی "کانبی شینودوکانە" خەڵکی گوندی "گێسیان" سەر بە ناوچەی مەگەوەڕی ورمێ لە کاتی کارکردندا بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لەدەست دا.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤، کرێکارێکی تەمەن ٢٤ ساڵ بە ناوی "ئیبراهیم ڕەسووڵزادە" خەڵکی گوندی "قومقەڵا" سەر بە شاری مەهاباد بە هۆی بەربوونەوە لە نهۆمی سێهەمی بینایەک، گیانی لەدەست دا.

هەر لەم پێوەندییەدا، دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٦ی جۆزەردانی ١٤٠٤، ئارش ڕەسووڵی، کرێکاری خەڵکی گوندی "بۆڕیەر" سەر بە شاری سەوڵاوا بە هۆی بەربوونەوە لە بینایەکی حەوت نهۆمی لە کرماشان گیانی لەدەست دا.

پێشتر کوردپا بەبۆنەی یەکی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە ڕاپۆرتێکی ئاماریدا ئاماژەی بە ژمارەی کۆڵبەران، کرێکاران و کاسبکارانێک کردبوو کە لە ساڵی ١٤٠٣دا لە کوردستانی ئێران کوژراون و بریندار کراون.

ـ کوژران و برینداربوونی ١٧٠ کۆڵبەر (٣٩ کوژراو و ١٣١ بریندار)

ـ گیانلەدەستدان و برینداربوونی ٧٠ کرێکار (٦٠ گیانلەدەستدان و ١٠ بریندار)

ـ کوژران و برینداربوونی ١٨ کاسبکار(١٢ کوژراو و ٦ بریندار)

بەپێی ئەم ئامارە لە ساڵی ١٤٠٣دا سێ کرێکاری کورد بە هۆی ڕووداوەکانی کارەوە لە تورکیە گیانیان لەدەست داوە.