شنۆ؛ ئومید ئیبراهیمی پاش ٢٢ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە لە گرتنگەوە بۆ بەندیخانەی شنۆ ڕاگوێزرا

18:08 - 9 جۆزەردان 2725

ڕۆژی چوارشەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٤، ئومید ئیبراهیمی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شنۆ پاش ٢٢ ڕۆژ لێپرسینەوە و دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێوە بۆ بەندیخانەی شنۆ ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئومید ئیبراهیمی لە ماوەی لێپرسینەوە و دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی بانەمەڕی ١٤٠٤، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "یاسر شەریفیان"، "ڕەشید فەقێزادە" و "ئومید ئیبراهیمی" خەڵکی شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدروەکان دژی ئەم سێ هاوولاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ئومید ئیبراهیمی پێشینەی دەسبەسەرکران و سزادرانی هەبووە؛

ـ ٣١ی گەلاوێژی ١٤٠١، "ئومید ئیبراهیمی" کوڕی قادر خەڵکی شاری شنۆ، بەبێ بەڵگەی یاسایی و لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنییەوە بانگی ئیتلاعاتی شنۆ کرا و دەسبەسەر کرا.

ـ ڕۆژی ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠٠، ئومید ئیبراهیمی هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.

 ئومید ئیبراهیمی پووشپەڕی ساڵی ٩٧، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرا.

ئەو هاووڵاتییە، پاش ٤٥ ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسییەکەی ئازاد کرابوو.

ناوبراو ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" لە دادگای ئینقلابی شنۆ دادگایی و بە ٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو کە دواتر ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرابووەوە.

ئومید ئیبراهیمی، ٢٣ی خەرمانانی ساڵی ٩٨، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرابوو.