بەندیخانەی تارانی گەورە؛ توندوتیژی دژی ڕەزا ڕەمەزانزادە، ١٧ تەقەڵی سەر و داواکاری بۆ وەرگرتنەوەی تێچووی چارەسەری پزیشکی لەلایەن بێهدارییەوە

18:44 - 8 جۆزەردان 2725

ڕۆژی دووشەممە ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤؛ ڕەزا ڕەمەزانزادە، بەندکراوی سیاسیی کوردی بەندکراو لە بەندیخانەی تارانی گەورە، دوابەدوای توندوتیژی لەلایەن چوار بەندکراوی بەندی تاوانە توندوتیژەکانەوە، سەری بەسەختی بریندار بووە و پاش سێ ڕۆژ خوێنڕێژیی بەردەوام، لە کۆتاییدا بۆ نەخۆشخانەی بەندیخانە ڕاگوێزراوە و چارەسەری بۆ کراوە. توندوتیژی و لێدانەکە بووەتە هۆی ئەوەی کە سەری ڕەزا ١٧ تەقەڵی لێ دراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی بانەمەڕی ١٤٠٤، ڕەزا ڕەمەزانزادە لە سرویسی بێهداشتیی بەندی ٤(بەندی تاوانە توندوتیژەکان) کراوەتە ئامانجی هێرشی چوار بەندکراوی تاوانە توندوتیژەکان. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەرپرسی بەندەکە بە هاندانی ڕاستەوخۆ، داوای لە بەندکراوان کردووە کە "تەنبێی بکەن". ئەم هەوڵە بەئەنقەستە بووەتە هۆی برینداربوونی جیددی ناوبراو.

ڕەزا سەرەڕای برینداربوونی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە هەر چەشنە خزمەتگوزارییەکی پزیشکی بێبەری بووە تا ئەوەی کە دوابەدوای خراپبوونی دۆخی جەستەی، بۆ نەخۆشخانەی بەندیخانە ڕادەگوێزرێت. لەوێدا خزمەتگوازی سەرەتایی لەوانە، ١٧ تەقەڵی سەر، دانانی سرۆم، دوو دەزی(بۆ پیشگرتن لە چلککردن و بەهێزبوونی گشتی)، و پانسمانی بۆ کراوە. بەم حاڵەوە بێهداریی بەندیخانە پاش چارەسەرکردن، ناوبراوی خستووەتە ژێر گوشارەوە و داوای پێدانی تێچووی چارەسەرەکەی (بڕی ٣ میلیۆن  و٥٠٠ هەزار تمەن) کردووە. ڕەزا ڕەمەزانزادە بە ناڕەزایەتیدەربڕین بەم داواکارییە وتوویەتی کە چارەسەری خۆرایی مافی بەندکراوە و نایەوێ ئەم تێچوویە بدات و ڕایگەیاندووە کە ئامادەیە تەقەڵەکان لە سەری دەربێنێت بەڵام پارە نادات.

ئاییننامەی ئیجرایی ڕێکخراوی بەندیخانەکان(پەسەندکراوی ١٣٨٤) سەبارەت بە چارەسەری بەندکراوان؛

بڕگەی ١١٨: "بەندکراوان دەبێ لە سەرەتای هاتن و لە ماوەی تێپەڕاندنی سزاکەیاندا بە شێوەی خۆڕایی لەژێ چاوەدێریی بێهداشتی و دەرمانیدا بن و لە ئەگەری نەخۆشیدا بە پزیشکی نەخۆشخانەکە بناسرێن و لە ئەگەری پێویستیدا ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی لە دەرەوەی بەندیخانە بکرێن."

بڕگەی ١٢٢: "تێچووی چارەسەر و دەرمانە پێویستەکانی بەندکراوان لە لە ئەستۆی دەوڵەتە و هیچ پێویستییەک بۆ پێبژاردنی ئەم تێچوویە لەلایەن بەندکراوەوە نییە مەگەر ئەوەی کە بەندکراو خوازیاری کەڵکوەرگرتن لە خزمەتگوازریی تایبەت لە دەرەوەی ڕێوشوێنەکە بێت."

١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٤؛ کوردپا ڕایگەیاند کە ڕەزا ڕەمەزانزادە، بەندکراوی سیاسیی کورد سەرەڕای ئەوەی کە ماوەی زیاتر لە چوار مانگە لە بەندی تاوانە مەترسیدارەکان ڕاگیراوە، بە هۆی کێشەی گەدە و هەرسکردن لە دۆخێکی ناجێگیردایە و لە دەسپێڕاگەیشتن بە پزیشک بێبەری کراوە. ڕەزا ڕەمەزانزادە کە پێشینەی چەندین جار دەسبەسەرکران و بەندیخانەی هەیە، بە هۆی مانگرتن لە خواردن تووشی کێشەیی جیدیی هەرسکردن و گەدە بووە و کاربەدەستانی بەندیخانەی تارانی گەورەش لە پێڕاگەیشتن بە دۆخی پزیشکیی ناوبراو خۆ دەبوێرن.

پێشتر کوردپا لە ٣٠ی سەرماوەزی ١٤٠٣؛ ڕەزا ڕەمەزانزادە، بەندکراوی سیاسیی بەندکراو لە بەندیخانەی تارانی گەورە کە بە دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکران سزا دراوە، سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک مانگ لە کاتی دەسبەسەرکرانی، بە بێ مافی چاوپێکەوتن و دەستڕاگەیشتن بە کارتی تلفۆن، لە بەندی تاوانە توندوتیژەکانی بەندیخانەی تارانی گەورە ڕاگیراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، ڕەزا ڕەمەزانزادە، چالاکی مەدەنی و سیاسی و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگ، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی تارانی گەورە کرا.

بەپێی راپۆرتەکانی کوردپا؛ ڕەزا ڕەمەزانزادە لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە تاران دەسبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی تارانی گەورە ڕاگوێزراوە. هەروەها سزای دوو ساڵ و شەش مانگ دەسبەسەرکرانی ناوبراو، پێوەندیی بە دوو دۆسییەوە هەیە.

ڕەزا ڕەمەزانزادە لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە ڕۆژی ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠١ لە تاران دەسبەسەر کرابوو. ناوبراو دواتر لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە هۆی "هاوکاری لەگەڵ میدیا دژبەرەکان" بە یەک ساڵ و شەش مانگ بەندکران سزا درا.

ناوبراو هەروەها لە ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣دا لەلایەن لقی ٢٤ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕادمەند، بۆ تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست" بە یەک ساڵ بەندکران سزا درا. دواتر ئەم سزایە لەلایەن لقی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تارانەوە وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتر بە هۆی بەشداری لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ دەسبەسەر و بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکران سزا درابوو.

ڕەزا ڕەمەزانزادە پێشینەی چەندین جار دەسبەسەرکرانی لە ساڵەکانی ١٣٩٢، ١٣٩٨، ١٤٠١، ١٤٠٢ و ١٤٠٣ ی هەیە. ناوبراو لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی بەمیدیاییکردنی کێشەی بەندکراوان و بەندیخانەکانی تارانی گەورە و وەکیل ئابادی مەشهەد دەسبەسەر و سزای یاسایی دراوە.

ڕەزا ڕەمەزانزادە لە کوردەکانی خوراسانە کە لە تاران نیشتەجێیە.

پێویستە بوترێ کە ڕەزا ڕەمەزانزادە بە هۆی مانگرتن لە بەندیخانە، تووشی کێشەی هەرسکردن و گەدە بووە.