سەقز؛ شێخ زاهێد شەهابی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

01:19 - 8 جۆزەردان 2725

ڕۆژی چوارشەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٤، شێخ زاهێد شەهابی برای شێخ ئازاد شەهابی پاش ٦٦ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی سەقز ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

شێخ زاهێد شەهابی بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە ڕاگوێزرابوو.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، هێزەکانی ئیتلاعاتی سەقز هێرشیان کردە سەر خانەقای "ڕێگای ئازادی" و بە توندوتیژییەوە شێخ زاهید شەهابییان دەسبەسەر کرد.

کاتژمێر ٥ی سەرلەبەیانی، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر خانەقای "ڕێگای ئازادی" و هێزەکانی ئیتلاعاتی سەقز بێڕێزییان بە بنەماڵەی شێخ زاهید شەهابی کرد.

هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر مۆبایل و هەندێ کەلوپەلی کەسیی شێخ زاهیددا گرتبوو.

ڕۆژی هەینی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، لە سەرەتای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆزی کێوی جاقل، شێخ زاهید شەهابی لە پەیامێکدا ڕوو لە خەڵک باسی لە نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ شەهیدان کرد و جەختی لەسەر یەکگرتوویی و ئازادیی ڕادەربڕین کردەوە و لەگەڵ بەشداربووان دروشمی ژن، ژیان، ئازادیی وتەوە.

ئاگری ئەم ڕێوڕەسمە لەلایەن شێخ زاهید شەهابی، برای شەهید ئازاد شەهابییەوە هەڵ کرا.

شەوی دووشەممە ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان دوابەدوای نووسرانی وشەی "شەهید" و شێعری کوردی لەسەر بەردی مەزارگەی شێخ ئازاد شەهابی، هێرشیان کردە سەر خانەقای "ڕێگای ئازادی" لە سەقز و ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی شێخ ئازاد و دەروێشەکانی خانەقایان دایە بەر لێدان و توندوتیژی.

ڕۆژی ٢٨ی پووشپەڕی ١٤٠٣، ئازاد شەهابی لە کەسایەتییە ئایینییە دیارەکانی کوردستان لەگەڵ دوو کەس لە هاوڕێیانی بە ناوەکانی پەیمان محەممەدی و پەرویز ڕەحیم‌پەنا لە خانەقاکەی خۆیدا لە شاری سەقز، لەلایەن کەسانی چەکدارەوە کوژران.

هەر لەم پێوەندییەدا، خوێنەری ڕاپۆرتی تایبەتی کوردپا لەژێر ناوی "یکی از نزدیکان شیخ آزاد شهابی؛ چرا جمهوری اسلامی نیازمند حذف فیزیکی او بود؟" لە بەشی فارسیدا بن.

کوردپا لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ یەکێک لە کەسە نزیکەکانی شێخ ئازاد، وێڕای باسکردن لەسەر ئیدعای کەسە نزیکەکان و لایەنگرانی شێخ ئازاد، باسی لە سێناریۆ گەورەکانی حکوومەت بۆ دروستکرردنی جیاوازی و کەلێن و دەرگیریی خەڵک لە ئاکامی کوژرانی شێخ ئازاد و هاوڕێیانی لە زاری کەسانی نزیکی ناوبراو کردووە.