شنۆ؛ محەممەد ڕەسووڵپوور بەندکراوی سیاسیی بەندکراو لە بەندیخانە بە ساڵێکی دیکە بەندکرانی داسەپاو سزا درا

ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤، محەممەد ڕەسووڵپوور بەندکراوی سیاسیی بەندکراو لە بەندیخانەی شنۆ کە خەریکی تێپەڕاندنی یەک ساڵ و نیو بەندکرانەکەیەتی، لە دۆسییەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم" بە یەک ساڵی دیکە بەندکرانی داسەپاو سزا درا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی ٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤، لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی شنۆ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەلی ئەنساری" لە دۆسییەیەکی دیکەدا، محەممەد ڕەسووڵپووری بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە چوار مانگ بەندکرانی داسەپاو و بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان" بە هەشت مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا داوە. کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ناوبراو ڕۆژی ٢٩ی بانەمەڕی ١٤٠٤، بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بەڕێوە چووە و ڕۆژی ٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤ ئەم بڕیارە دەر چووە.
محەممەد ڕەسووڵپوور زیاتر لە ٥ مانگە بە هۆی مەحکوومکران لە دۆسییەیەکی دیکەدا خەریکی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی خۆی لە بەندیخانەیە شنۆیە. ناوبراو دوابەدوای کرانەوەی دۆسییەی نوێ، شەش مانگ لە مافی مورەخەسی بێبەری کراوە و پێشتر ئیتلاعاتی شنۆ داواکارییەکان بۆ زیندانی نیوەکراوە ڕەت کردووەتەوە.
پێشتر کوردپا لە ڕۆژی ٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٤دا ڕایگەیاندبوو کە دوابەدوای ڕاگەیاندنی بەڵگەی دادگا و ئاماژە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" لە دادگایەکی جیا لە دۆسییەی پێشوو دژی محەممەد ڕەسووڵپوور، ناوبراو لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لە بەندیخانەی شنۆ بە تۆمەتی ئاماژەپێکراو دادگایی کرابوو و بۆ ماوەی شەش مانگ لە هەر چەشنە مورەخەسییەک بێبەری کرا.
هەروەها کوردپا لە ڕۆژی ٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٤دا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە محەممەد ڕەسووڵپوور، لەگەڵ کرانەوەی دۆسییەیەکی نوێ بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کراوە و دەبێ لە ماوەی پێنج ڕۆژدا لە لقی یەکی دادیاریی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری شنۆدا ئامادە بێت.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ڕۆژی ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ لەلایەن لقی یەکی دادیاریی دادسەرای گشتی و ئینقلای شاری شنۆ و لەلایەن "میرنەقی سەیدڕەزایی" دادیاری ئەم لقە بە محەممەد ڕەسووڵپوور ڕاگەیەندراوە؛ ناوبراو دەبێ لە ماوەی پێنج ڕۆژدا بۆ تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی بە قازانجی گرووپە دژبەرەکانی نیزام" خۆی بەم لقە بناسێنێ.
محەممەد ڕەسووڵپوور تاکوو ئێستا چەندین جار داوای زیندانی نیوەکراوەی کردووە بەڵام بە بڕیاری ئیتلاعاتی شنۆ داواکارییەکەی ڕەت کراوەتەوە. ناوبراو هەروها دوابەدوای کرانەوەی ئەم دۆسییە نوێیە بۆ ماوەی شەش مانگ لە مورەخەسی بێبەری کرا.
دۆسییەی دووهەمی محەممەد ڕەسووڵپوور و مەحکوومکرانی بە ساڵ و نیوێک بەندکران؛
شەوی سێشەممە ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٣ محەممەد ڕەسووڵپوور، خەڵکی گوندی "کۆنەقەڵا" سەر بە شاری شنۆ بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا. دواتر لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٣ بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییەکەی ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕەزبەری ١٤٠٣، لەلایەن دادگای ئینقلابی شنۆوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەلی ئەنساری" بە تۆمەتەکانی "پێوەندی و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران و چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام" بە دوو ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا کە ئەم حوکمە بە جێبەجێکرانی بڕگەی ٤٤٢ی یاسایی ئایینی دادڕەسیی کەفەری بۆ یەک ساڵ و شەش مانگ بەندکرانی داسەپاو کەم کرایەوە.
محەممەد ڕەسووڵپوور لەدایکبووی ١٣٥١، خێزاندار و باوکی سێ منداڵە.