کرماشان؛ مامۆستا ئایەت غوڵامی بە دوو ساڵ بەندکران سزا درا

00:58 - 8 جۆزەردان 2725

٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤؛ مامۆستا ئایەت غوڵامی، مامۆستای سوننە مەزهەب و پێشنوێژی پێشووی مزگەوتی "محەممەدەلموستەفا" لە کرماشان و مامۆستای قوتابخانەی زانستی دینی لەلایەن دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدانەوە بە دوو ساڵ بەندکران سزا درا.

دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان ئەم مامۆستا ئایینییە کوردەی بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام، بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست و تێکدانی بیروڕای گشتی" تۆمەتبار کردووە.

ئەم بڕیارە ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤ بە مامۆستا ئایەت غوڵامی ڕاگەیەندراوە و بەپێی یاسای زۆرترین سزا، سزای یەک ساڵەکەی بۆ جێبەجێ دەکرێ. ئەم مامۆستا ئایینییە کوردە هەتا ٢٠ ڕۆژ مۆڵەتی هەیە کە ناڕەزایەتیی خۆی بەم بڕیارە دەرببڕێت.

ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی بانەمەڕی ١٤٠٤، ئەم مامۆستا ئایینییە پاش ئازادیی کاتی بە دانانی بارمتە، سەرلەنوێ بانگی دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی کرماشان کرا.

ڕۆژی شەممە ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٤، مامۆستا ئایەت غوڵامی، بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرا. ئەم مامۆستا ئایینییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی بانەمەڕی ١٤٠٤، مامۆستا ئایەت غوڵامی، پاش بانگکران بۆ دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی لقی کرماشان و ئامادەبوون لە دادگا، بە هۆی بەرگری لە بیروڕای سوننە مەزهەب و بەرگری لە مامۆستایانی بەندکراو، دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٣، ئەم مامۆستا ئایینییە پاش بانگکران بۆ حەراسەتی ناوەندی ڕۆحانییەتی کرماشان، بە بڕیاری ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە پێش بە پێشنوێژی و چالاکییەکانی لە مزگەوت گیرا.

ئەم مامۆستا ئایینیییە پێشتر چەندین جار بە هۆی پاڵپشتی نەکردن لە هەڵبژاردنەکانی حکوومەت، واژۆی بەیاننامەیەک بۆ مەحکوومکردنی لەسێدارەدانی مامۆستا محەممەد خزرنژاد، دەسبەسەرکرانی مامۆستایان و پێشگرتن لە چالاکییەکانیان، ناڕەزایەتی بە کوشتنی کۆڵبەران و سووتەمەنیبەران، ڕەخنەگرتن لە بەرپرسانی حکوومەت و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمە ئایینییەکان لەسەر بنەمای مەزهەبی سوننە بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کرابوو.