سنە؛ ژیان میری بە یەک ساڵ بەندکران و پێبژاردنی سزای نەختی مەحکووم کرا

13:09 - 7 جۆزەردان 2725

چالاکێکی ژینگەپارێزی بە ناوی "ژیان (موکرات) میری" و خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە شاری سنە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە یەک ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و پێبژاردنی ٥٠ میلیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا ئەم چالاکە کوردەی بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٣، ئەم چالاکە ژینگەپارێزییە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.

ڕۆژی شەممە ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٣، ئەم چالاکە کوردە بە بێ بەڵگەی یاسایی لە گەڕەکی "مەسناو"ی سنە و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوو.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ئەم چالاکە ژینگەپارێزییە چەندین جار بە هۆی چالاکییەکانییەوە بانگ و دەسبەسەر کراوە.