سەوڵاوا؛ کوورش مورادی، کۆڵبەری لاوی کوژرا و ڕزگار وەتەندووست بە سەختی بریندار بوو

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٦ی جۆزرەدانی ١٤٠٤، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "کوورش مورادی" بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە بەرزاییە سنوورییەکانی شاری سەوڵاوا گیانی لەدەست دا و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "ڕزگار وەتەندووست" لەم ڕووداوەدا بریندار بوو.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکانی حکوومەت نیشتەجێ لە پاسگای سنووریی "ژاڵانە" بە بێ ئاگادارکردنەوە و هۆشداریدانی پێشوو تەقەیان لەم دوو کۆڵبەرە کردووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: کوورش مورادی لەم ڕووداوەدا بە هۆی بەرکەوتنی فیشەکی هێزە نیزامییەکان، ملی بەرکەوتووە و دەسبەجێ گیانی لەدەست داوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ڕزگار وەتەندووست بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی بووعەلیی مەریوان کراوە.
ڕزگار وەتەندووست خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.
ئەم دوو کۆڵبەر خەڵکی گوندی "سپیار" سەر بە شاری سەوڵاوان.