شاباد؛ شەهاب دارابی شۆفێری کامیۆن و بلاگێر، بە هۆی پەیوەستبوون و پشتیوانی لە مانگرتنەکان دەسبەسەر کرا

12:41 - 7 جۆزەردان 2725

 ڕۆژی سێشەممە ٦ی جۆزەردانی ١٤٠٤، شەهاب دارابی، خەڵکی شاباد، شۆفێری کامیۆن و بلاگێری ناسراو بە "یووزی ئاسیا" بە هۆی پەیوەسبوون بە مانگرتنی کامیۆنداران و پشتیوانی لە مانگرتنەکان لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا، پاش داخرانی دوو لاپەڕەی ئینستاگرامییەکەی لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە دسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە ئاگادارەکان، شەهاب دارابی پاش هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە. لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا دەسپێڕاگەیشتن بە دوو لاپەڕەی ئینستاگرامیی ناوبراویش لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە سنووردار کراوە.

شەهاب دارابی پێشتریش لە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٢دا پاش بڵاوکردنەوەی بابەتێک بۆ دژایەتی لەگەڵ هەڵبژاردنەکان لە سۆشیاڵ میدیا بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هەر ئەوکاتیش دەسپێڕاگەیشتن بە لاپەڕەی ئینستاگرامی ناوبراو سنووردار کرابووەوە.