سزای سێدارەی ڕەحیم ئەمیری و ئەمیر ئیبراهیمی، دوو بەندکراوی خەڵكی هەرسین لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کرا

12:25 - 7 جۆزەردان 2725

سەرلەبەیانیی سێشەممە ٦ی جۆزەردانی ١٤٠٤، سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی "ڕەحیم ئەمیری" و "ئەمیر ئیبراهیمی" خەڵكی شاری هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کرا.

ئەم دوو بەندکراوە ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج کرابوون.

ڕەحیم ئەمیری نزیکەی ٧ ساڵ پێش ئێستا و ئەمیر ئیبراهیمی نزیکەی ٦ ساڵ پێش لە دوو دۆسییەی جیاوازدا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی "ماددەی هۆشبەر" دەسبەسەر کران و لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم دوو بەندکراوە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.