سنە؛ بانگکرانی لەیلا پاشایی و باران ساعدی بۆ دادگا بە مەبەستی تێگەیاندنیان لە تۆمەتە نوێیەکانیان و بەرزکردنەوەی ڕێژەی بارمتەکە

02:17 - 6 جۆزەردان 2725

ئەمڕۆ دووشەممە ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤، لەیلا پاشایی و باران ساعدی لە چالاکانی مافی ژنان و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە سنە، کە لە ڕەشەمەی ١٤٠٣دا لە پێوەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٨ی مارس دەسبەسەر کرابوون، پاش بانگکران بۆ دادگای ئینقلابی سنە، لەگەڵ دوو تۆمەتی نوێ بەرەوڕوو بوونەتەوە و هەروەها ڕێژەی بارمتەکەشیان زۆر بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، لەیلا پاشایی خەڵکی سەقز و دانیشتووی سنە و هەروەها باران ساعدی خەڵکی سنە، ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤ بانگی لقی ٢ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مێهران ڕەمەزانی" کران و لەگەڵ دوو تۆمەتی نوێ لەژێر ناوی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "پێکهێنانی گرووپی نایاسیی" بەرەوڕوو بوونەتەوە.

هەروەها ڕێژەی بارمتەکەشیان ١٠٠ میلیۆن تمەنی دیکە بەرز بووەتەوە. پێشتریش ئەم دوو چالاکەی بواری ژنان بە "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" تۆمەتبار کرابوون. هەروەها هەرکامیان بە بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، تۆمەتی "پێکهێنانی گرووپی نایاسایی" لەوانە تۆمەتە قورسەکان دژی ئەم دوو چالاکە کوردە بەئەژمار دێت و ئەمە نیگەرانییەکانی سەبارەت بە دەرکردنی سزای قورسی لە دژیان زۆر کردووە.

ئازادیی کاتیی لەیلا پاشایی و باران ساعدی بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی؛

ڕۆژی سێشەممە ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، لەیلا پاشایی و باران ساعدی کە لە پێوەندی لەگەڵ ڕێوڕيسمی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی ژن لە سنەبە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون، پاش ٢٥ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە کانوونی ئێسلاح و تەربییەتی سنە ئازاد کران. ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندی دابڕگەی کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی ئەم شارە ڕاگوێزران و لەم ماوەیەدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کرابوون.