سنە؛ قانع خاتری، چالاکی مەدەنی بە هەشت مانگ بەندکران سزا درا

12:37 - 5 جۆزەردان 2725

قانع خاتری، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مستەفا عەزیزی" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە هەشت مانگ بەندکران سزا درا.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، قانع خاتری بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ئازاد کرا.

ئەم چالاکە مەدەنییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، قانع خاتری، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٣ش، قانع خاتری بانگی ئیتلاعاتی سنە کرابوو و پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کرابوو.

ئەم چالاکە مەدەنییە پێشینەی دەسبەسەرکران و سزادرانی هەیە.