بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی مامۆستا لوقمان ئەمینی لە بەندیخانەی هەمەدان

مامۆستا لوقمان ئەمینی، پێشنوێژی مزگەوتی جامێعی چواریاری نەبیی سنە زیاتر لە مانگێکە کە چارەنووسی ناڕوونە و لە بەندیخانەی هەمەدان ڕاگیراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم مامۆستا ئایینییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: مامۆستا لوقمان ئەمینی لە دۆخێکی ناجێگیری جەستەییدایە.
ڕۆژی دووشەممە یەکی بانەمەڕی ١٤٠٤، ئەم مامۆستا ئایینییە کوردە پاش بانگکران بۆ دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان بە تۆمەتی "بیریزی بە پیرۆزییەکان" دەسبەسەر کرا و دوابەدوای دەرکردنی بڕیاری دەسبەسەرکرانی کاتی ڕەوانەی بەندیخانەی هەمەدان کرا.
لە جۆزەردانی ١٤٠٢دا، مامۆستا لوقمان ئەمینی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، هەبوونی دەمانچە، هاندانی خەڵک بۆ دروستکردنی بشێوی و ئاڵۆزی و پشتیوانی لە خەڵک و ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی"، بە ١١ ساڵ بەندکرانی داسەپاو، دوورخرانەوە بۆ ئەردەبێڵ بۆ ماوەی دوو ساڵ و وەرگرتنەوەی هەمیشەیی جلوبەرگی ئایینی و بێبەریبوون لە وتاری هەینی مەحکووم کرابوو.
ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠١، مامۆستا لوقمان ئەمینی بە هۆی پشتیوانیکردن لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ڕێگای مەریوان، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی ڕەشەمە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرا.