بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی سامرەند وجوودی

سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو حەفتە لە دەسبەسەرکرانی سامرەند وجوودی، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە کوردە بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی ئیتلاعاتی ورمێ کراوە و تاکوو ئێستا یەک جار پێوەندیی تلفۆنیی بە بنەماڵەکەیەوە گرتووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: سامرەند وجوودی لە ماوەی دەسبەسەکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
دوابەدوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێکی شایی لە بۆکان و بەشداریی میوانەکان بە "جلوبەرگی کوردیی خاکی"یەوە و دەسبەسەرکرانی باوکی بووکەکە لە بۆکان، لە مەهابادیش دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "عەلی دانشی" و "سامرەند وجوودی" دەسبەسەر کران و دەیان هاووڵاتیش لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنییەوە هەڕەشەیان لێ کرا کە دەبێ خۆیان بە ئیتلاعات بناسێنن و هاوکات لە هێرشێکی شەوانەدا بۆ سەر کاوە و لوقمان سالک، هەموو جلە کوردییەکانیان، مۆبایل و بەڵگەنامە و کارتە بانکییەکانیان دەستیان بەسەردا گیرا.