وەهاب خەدیریپوور بە مەبەستی جێبەجکرانی سزای بندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی مەهاباد ڕاگوێزرا

20:13 - 30 بانەمەڕ 2725

ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی بانەمەڕی ١٤٠٤، وەهاب خەدیریپوور، هاووڵاتیی کورد پاش بانگکران بۆ لقی جێبەجێکاری سزا کەیفەرییەکانی مەهاباد دەسبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ئەم شارە کرا.

وەهاب خەدیریپوور، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەهاباد لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کرا و بە ١٠ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درا و ئەم سزایە سەرەتاکانی خاکەلێوەی ١٤٠٤ بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

سزای ئەم بەندکراوە کوردە پاش قەبووڵکردنی سزاکە  بۆ هەشت مانگ بەندکران کەم کرایەوە.

ڕۆژی چوارشەممە یەکی ڕەشەمەی ١٤٠٣، وەهاب خەدیریپوور، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە بە بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، وەهاب خەدیریپوور دوابەدوای بانگکران بۆ ئیتلاعاتی ئەم شارە بە بێ بەڵگەی بانگکران، دەسبەسەر کرا.

پێشتر ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠، هێزە ئەمنییەتییەکان بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی وەهاب خەدیریپوور هێرشیان کردبووە سەر ماڵەکەی بەڵام بە هۆی قەرەباڵغبوونی ماڵەکەی وتبوویان سبەی (دووشەممە ٨ی ڕێبەندان) لە دادگای شاری مەهاباددا ئامادە بێت.

وەهاب خەدیریپوور، خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە. ناوبراو ئامۆزای شەماڵ خەدیریپوور لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادییە. هەروەها کۆماری ئیسلامی برایەکی ناوبراو بە ناوی سۆهراب خەدیریپوور لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە بەهاری ١٤٠٠ دا کوشتووە.