سنە؛ سزای سێدارەی گۆران قادری جێبەجێ کرا

19:50 - 30 بانەمەڕ 2725

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ١٤٠٤، سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی "گۆران قادری" کە بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" لە دۆسییەی "شلێر ڕەسووڵی"دا دەسبەسەر کرابوو و بە لەسێدارەدران سزا درابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.

ئەم هاووڵاتییەی خەڵکی مەریوان خەرمانانی ١٤٠١ بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست"ی شلێر ڕەسووڵی دەسبەسەر کرابوو و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە لەسێدارەدران سزا درابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی خەرمانانی ١٤٠١، ژنێک بە ناوی "شلێر ڕەسووڵی" تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵكی "چەشمیەر" سەر بە شاری سەوڵاوا و دانیشتووی مەریوان کە لە ترسی "دەستدرێژی" خۆی لە پەنجەرەی ماڵەوە فڕی دابووە خوارەوە، گیانی لەدەست دا.

شەوی شەممە ١٢ی خەرمانانی ١٤٠١، گۆران قادری بە بیانووی یارمەتیدانی هاوسەرەکەی، داوای هاوکاریی لە شلێر کردبوو و ئەم ژنە لەو کاتەدا کە چووبووە ماڵی گۆران لەلایەن ئەم پیاوەوە کەوتبووە بەر ئازار و لە ترسی ئەوەی کە دەستدرێژی بکاتە سەری لە پەنجەرەکەوە خۆی فڕێ دابووە خوارەوە.

بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە مەرگی شلێر ڕەسووڵی لە مەریوان، دوو کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوە چوون. سەرەتا ژنانی مەریوان لە بەردەم دادگوستەریی مەریواندا کۆ بوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی و دواتر ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شلێر بوو بە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی دیکە.