مەریوان؛ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی محەممەد هووشمەند لەلایەن ئیتلاعاتی سپا و ڕاگواستنی بۆ گرتنگەی شارامفەر

ڕۆژی هەینی ٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠٤، محەممەد هووشمەند، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی "دەرەتفێ" سەر بە شاری مەریوان، بە شێوەی توندوتیژانە و دوابەدوای هێرش بۆ سەر ماڵەکەی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی شارامفەری سنە ڕاگوێزرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، ڕۆژی هەینی بە سێ ماشینەوە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی محەممەد هووشمەند و بە توندوتیژییەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەریان کردووە و بۆ گرتنگەی شارامفەری سنەیان ڕاگواستووە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی محەممەد هووشمەند تاکوو ئێستا سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دستدا نییە و ناوبراو لە مافی پێوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی محەممەد هووشمەند زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
محەممەد هووشمەند پێشتر دێهیاری گوندی "دەرەتفێ" سەر بە شاری مەریوان بووە. ناوبراو چەندین جار بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراوە و لێپرسینەوەی لێ کراوە.