بەردەوامی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی حەسەن ئەحمەدی لە بەندیخانەی ماکۆ

06:44 - 29 بانەمەڕ 2725

سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٠ ڕۆژ لە کاتی دەسبەسەرکرانی حەسەن ئەحمەدی ناسراو بە "حەسەن ڕێناس"، هونەرمەندی کوردی خەڵکی ماکۆ، ناوبراو هێشتا دەسبەسەرە و چارەنووسی لە بەندیخانەی ئەم شارە ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هونەرمەندە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوەیە وتی: حەسەن ئەحمەدی ڕۆژانە بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا دەکرێ و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە شەوانە دەگەڕێندرێتەوە بەندیخانەی ماکۆ.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بانەمەڕی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم هونەرمەندە و دەسبەسەریان کرد.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی حەسەن ئەحمەدیدا ماڵەکەشیان پشکنیبوو.

ئەم هونەرمەندە کوردە لە ناوەندی فەرهەنگی و هونەریی ماکۆ چالاکە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی حەسەن ئەحمەدی زانیارییەک دەست نەکەوتووە.