بەندیخانەی ماپارە؛ گۆڕدرانی سزای کیانووش چراغی بۆ سزای هەڵپەسێردراو و ئازادی، پاش ناڕەزایەتیدەبڕینی ناوبراو بە دۆخی نادادپەروەرانە و بەندیخانە، پاش سەردانی لێژنەی دادستانیی تاران

٢٧ی بانەمەڕی ١٤٠٤؛ کیانووش چراغی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی دێهلوڕان و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی پاش سەردانی لێژنەیەک لە دادستانیی تاران بۆ بەندیخانەی ماپارەی ئیلام و ناڕەزایەتیدەربڕین بە دۆخی نامرۆڤانە و ناداداپەروەرانە، هاوکات لەگەڵ گۆڕانی سزا داسەپاوەکەی بە سزای هەڵپەسێردراو، ئازاد کرا. ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ڕۆژی ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، پاش هەڵوەشانەوەی بڕیاری پێبەندی ئێلێکترۆنیکی، بە شێوەی توندوتیژانە دەسبەسەر کرا و بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ماپارە کرا. ناوبراو لە ماوەی بەندبوونیدا لانیکەم دوو جار بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە دۆخی ژنان و پێڕاگەیشتنی نادادپەروەرانە، مانی لە خواردن گرتبوو.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ لێژنەیەک لە دادستانیی تارانەوە لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا سەردانی بەندیخانەی ماپارەی ئیلامیان کردووە. کیانووش چراغی لەم سەردانەدا بە ئاماژە بە دۆخی نامرۆڤانەی زاڵ بەسەر بەندیخانەکە، نادادپەروەرانەبوونی ڕەوتی پێڕاگەیشتنی دادوەری و پێشێلکرانی مافەکانی خۆی، بەتوندی ناڕەزایەتیی دەربڕیوە. دوابەدوای ئەم ناڕەزایەتیدەربڕینە، سزاکە هەڵدەپەسێردرێ و کیانووش چراغی لە بەندیخانە ئازاد دەکرێ.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە دەڵێ؛ سەرەڕای ئازادیی هەنووکەیی، چراغی چەند دۆسییەی دیکەی هەیە کە تۆمەتگەلێکی وەک "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، "بێڕێزی و هەڕەشە لە مەئموورانی یاسایی" و "بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست" لەخۆ دەگرن. لە ئەگەری دەرچوونی سزادا بۆ هەر یەک لەم تۆمەتانە، سزا هەڵپەسێرداوەکەی ئێستا بە شێوەی داسەپاو جێبەجێ دەکرێت.
کیانووش چراغی بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵكی دێهلوڕان و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕەزبەری ١٤٠١ـەوە تاکوو ئێستا چەندین جار دەسبەسەر، دادگایی و بەند کراوە و لەگەڵ گوشارە دادوەری و ئەمنییەتییەکان بەرەوڕوو بووەتەوە.
دەسبەسەرکرانەکان و سزا دادوەرییەکان؛
●لە ڕەزبەری ١٤٠٢دا بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا و پاش لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
● لە خەزەڵوەری ١٤٠٢دا لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی دێهلوڕانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر حوسێن پەناهی بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست" بە دوو ساڵ بەندکرانی داسەپاو و نووسینی لێکۆڵینەوەی زۆرەملێی ٢٠٠ لاپەڕەیی مەحکووم کرا. ● پێشتریش لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیلامەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەید ڕەزا سەلاحەدینی بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو.
● لە خاکەلێوەی ١٤٠٣دا بۆ جێبەجێکرانی ئەم سزایانە ڕەوانەەی بەندیخانەی ئیلام کرا.
پێبەندی ئێلێکترۆنیکی و هەڵوەشاندنەوەی؛
پاش ماوەیەک ئازادی بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکی، بە هۆی سنوورداربوونی جووڵە لە مووچە و مەزراکانی دەوروبەری دێهلوڕان، داواکاریی ڕاگواستن یان مورەخەسییەکەی کیانووش ڕەت کرایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادستانی نوێی دێهلوڕان، حوسێن پەناهی ڕۆڵێکی کاریگەری لە هەڵوەشاندنەوەی کتوپڕی بڕیاری پێبەندی ئێلێکترۆنیکیی ناوبراودا بووە.
ئەم بڕیارە لەلایەن لقی ٦ی دادگای پێداچوونەوەی ئیلامەوە لە ڕۆژی ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ پشتڕاست کرایەوە و بڕیاری هەڵوەشانەوەکە بە فەرمی ڕاگەیەندرا.
دەسبەسەرکردنی توندوتیژانە و مانگرتن لە خواردن؛
لە ڕۆژی ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەریان کرد. ناوبراو لە کاتی گەڕانەوە بۆ بەندیخانەی ئیلام کەوتە بەر لێدان کە بەم هۆیەوە ددانی شکا و چەناکە و چۆکی بریندار بوون.
چراغی لەو ڕۆژەوە مانی لە خواردن گرت. لە ڕۆژی حەوتەمدا لێوەکانی خۆی دوورینەوە و پاش خرابپوونی دۆخیی تەندروستیی جەستەیی، ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا. ناوبراو پاش ٩ ڕۆژ لەسەر بنەمای وادە و بەڵێنی پێڕاگەیشتن بە دۆخی مانگرتنەکەی کۆتایی پێ هێنا.
لە ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣دا پاش ڕاگواستنی لەناکاوی بۆ بەندیخانەی دەڕەشار و بێوڵام مانەوەی داواکارییەکانی، بۆ جاری دووهەم مانی لە خواردن گرت.
ناوبراو لە پەیامێکی دەنگیدا کە لە کاتی ئەم ناڕەزایەتیدەربڕینەدا بڵاوی کردەوە، هەڵوەشانەوەی پێبەندەکەی بە "نایاسایی"، لێدانەکەی بە "پێشێلکردنی مافی مرۆیی" و دەسبەسەرکرانەکەی بە "بەدەر لە مۆڵەتی یاسایی" ڕاگەیاند.
دۆخی پزیشکی و سەرنجنەدان بە چارەسەرکردنی پزیشکی؛
سەرەڕای برینی جەستەی بە هۆی لێدان، چراغی لە دەسپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پزیشکی لە بەندیخانە بێبەری کرا و وڵامی داواکارییە پزیشکییەکانی نەدرایەوە.