ڕەزا میری، بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج لە سێدارە درا

13:33 - 25 بانەمەڕ 2725

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٤، سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێکی کورد بە ناوی "ڕەزا میری" خەڵکی شاری هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج جێبەجێ کرا.

ئەم بەندکراوە ڕۆژی شەممە ٢٠ی بانەمەڕ بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەی بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزرابوو.

ڕەزا میری پێنج ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی "ماددەی هۆشبەر" لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە لەسێدارەدران سزا درابوو.

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.