سنە؛ سێ هاووڵاتیی کورد بە دانانی بارمتە ئازاد کران

ڕۆژی شەممە ١٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی "شێروان حەیدەری"، "ئیدریس حەیدەری" و "سیروان حاتەمی"، خەڵکی گوندی "ئەوێهەنگ" سەر بە بەشی کەڵاتەرزانی سنە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سێ هاووڵاتییە هەرکامەیان بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کران.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم سێ هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراون.
ڕۆژی یەکشەممە ٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، ئەم سێ هاووڵاتییە بە بێ بەڵگەی یاسایی لە پێوەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە ڕاگوێزران.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم سێ هاووڵاتییە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.