ئەحمەد حەسەنزادە لە بەندیخانەی بۆکان ئازاد کرا

ڕۆژی دووشەممە یەکی بانەمەڕی ١٤٠٤، ئەحمەد حەسەنزادە باوکی محەممەد حەسەنزادە لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان هاوکات لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.
ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ئەم هاووڵاتییە بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ئەم شارە کرا.
ئەحمەد حەسەنزادە لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە سێ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درا و ئەم سزایە ڕۆژی ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.
ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٣، ئەم هاووڵاتییە کوردە بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی بۆکان ئازاد کرا.
ڕۆژی ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٣، هاوکات لەگەڵ دووهەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی ئەحمەد حوسێنزادە لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری بۆکان و لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٣، بۆ بەندیخانەی بۆکان ڕاگوێزرا.
ئەحمەد حەسەنزادە تاکوو ئێستا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بانگ کراوە.