بانگکرانی مامۆستا لوقمان ئەمینی بۆ دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان

مامۆستا لوقمان ئەمینی، پێشنوێژی مزگەوتی جامێعی چواریاری نەبیی سنە، بانگی دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان کرا.
ئەم مامۆستا ئایینییە کوردە بەپێی بەڵگەی بانگکرانێک کە پێی گەیشتووە دەبێ ڕۆژی دووشەممە یەکی بانەمەڕی ١٤٠٤، لە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان ئامادە بێت.
لە جۆزەردانی ١٤٠٢دا، مامۆستا لوقمان ئەمینی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، هەبوونی دەمانچە، هاندانی خەڵک بۆ دروستکردنی بشێوی و ئاڵۆزی و پشتیوانی لە خەڵک و ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی"، بە ١١ ساڵ بەندکرانی داسەپاو، دوورخرانەوە بۆ ئەردەبێڵ بۆ ماوەی دوو ساڵ و وەرگرتنەوەی هەمیشەیی جلوبەرگی ئایینی و بێبەریبوون لە وتاری هەینی مەحکووم کرابوو.
ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠١، مامۆستا لوقمان ئەمینی بە هۆی پشتیوانیکردن لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ڕێگای مەریوان، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی ڕەشەمە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرا.