سەقز؛ دەسبەسەرکرانی دووبارەی نەریمان ڕەندانی، چالاکی مەدەنی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، نەریمان ڕەندانی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سەقز جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە مەدەنییە بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، نەریمان ڕەندانی بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی سەقز ئازاد کرا.
ئەم چالاکە مەدەنییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنەوە بۆ بەندیخانەی سەقز ڕاگوێزرابوو.
شەوی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، نەریمان ڕەندانی کە لە بواری هونەر و مۆسیقادا چالاکیی هەیە، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتنی گشتیی نا بۆ سێدارە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.