سنە؛ کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی هەشت چالاکی کرێکاری و مەدەنی بەڕێوە چوو

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی سەید خالید حوسێنی، جەماڵ ئەسەدی، ئێقباڵ شەعبانی، فەردین میرەکی، شەیس ئەمانی، فەرشید عەبدوڵڵاهی، ئارمان سەلیمی و سووسەن ڕازانی لە چالاکانی کرێکاری و مەدەنیی سنە لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارە بەڕێوە چوو.
ئەم هەشت چالاکە کرێکاری و مەدەنییە سەبارەت بە تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" بەرگرییان لە خۆیان کرد.
ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٣، کۆبوونەوەی لێپرسینەوە ئەم کەسانە لە لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە بەڕێوە چوو و پاش تێگەیاندنیان لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیان بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون.
نموونەی ئەم تۆمەتانە دژی ئەم هەشت کەسە بەشداری لە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە دایە فەراسەت جەعفەر قشڵاخی، لە دایکانی مافخوازی سنە و وتنەوەی سروود بووە.