موجتەبا وەیسی بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان ئازاد کرا

10:48 - 10 خاکەلێوه 2725

ڕۆژی شەممە ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، موجتەبا وەیسی، هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوەیە وتی: موجتەبا وەیسی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە گرتنگەی ئیتلاعاتی کرماش لێپرسینەوەی لێ کراوە و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، ڕەوانەی بەندیخانەی دێزڵاوای ئەم شارە کراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، ئەم هاووڵاتییە بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە لە پارکی "شیرین"ی کرماشان دەسبەسەر کرا و هێزە ئەمنییەتییەکان کچی بچووکی ناوبراویان لەوێ بەجێ هێشت.

موجتەبا وەیسی و ژمارەیەک لە چالاکانی فەرهەنگی خەریکی ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە کرماشان بوون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی موجتەبا وەیسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.