سنە؛ بێنیامین ڕەحیمپوور، بە ساڵێک بەندکرانی داسەپاو سزا درا

بێنیامین ڕەحیمپوور، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سنە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە یەک سڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا ئەم هاووڵاتییەی بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کردووە.
ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی بێنیامین ڕەحیمپوور لە ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە چوو و ئەم سزایە ڕۆژی ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.
ڕۆژی شەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، بێنیامین ڕەحیمپوور، پاش ١٩ ڕۆژ دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و دانانی تاپۆی دووکان، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
بێنیامین ڕەحیمپوور لە ماوەی دەسبەسەرکرانی کاتیی خۆیدا لە گرتنگەی شارامفەری سنە لێپرسینەوەی لێ کراوە و ئەو ماوەیە لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و توندوتیژانەی بێنیامین ڕەحیمپوور، وڵامی ئیتلاعاتی سپا بۆ بەدواداچوونی بنەماڵەی ناوبراو، هەڕەشەی دەسبەسەرکردن، دەستداگرتن بەسەر مۆبایل و بیڕێزی و جنێودان بووە.
ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، "بێنیامین ڕەحیمپوور" هاووڵاتیی تەمەن ٣٣ ساڵی خەڵکی گوندی "ئەوێهەنگ" و دانیشتووی سنە، بە شێوەی توندوتیژانە بە هێرشی زیاتر لە ١٠ کەس هێزی ئەمنییەتی بۆ سەر دووکانەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای شارامفەری سنە ڕاگوێزرا.
هێزە ئەمنییەتییەکان لە درێژەدا بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بێنیامین ڕەحیمپوور و بە ترساندن و کێشانی چەک لە منداڵەکان و ئەندامانی بنەماڵەکەی، زۆربەی کەلوپەلە کەسییەکانی ناوبراو لەوانە لەپتاب و مۆبایلەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
پێشتر و لە ڕۆژی ١٤ی بانەمەڕی ١٣٩٩دا، کوردپا هەواڵی دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە و براکەی "تارق ڕەحیمپوور"ی بڵاو کردەوە. لە کۆتاییدا ڕۆژی ٩ی گەلاوێژی ١٣٩٩ "تارق ڕەحیمپوور" لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە چوار ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و سەبارەت بە سکاڵای سپای پاسداران لە پێوەندی لەگەڵ "سەرپێچیکردن و بێڕێزیکردن بە حکوومەت و هێزەکانی" بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.
بێنیامین ڕەحیمپوور، کوڕی مووسا، خەڵکی گوندی "ئەوێهەنگ" سەر بە شاری سنە و دانیشتووی ئەم شارەیە. ناوبراو خێزاندارە و منداڵی هەیە.