مەریوان؛ سێ کەس لە دەسبەسەرکراوانی نەورۆزی ١٤٠٤ بە دانانی بارمتە ئازاد کران

ڕۆژی شەممە ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، تەحسین دادڕەس، کاوە دەستان و چالاک پیرووزی، لە دەسبەسەرکراوانی نەورۆزی ١٤٠٤ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی مەریوان ئازاد کران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە هەرکامیان بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوی کاتی لە بەندیخانەی مەریوان ئازاد کران.
ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: ئەم ێ هاووڵاتییانە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراون.
ڕۆژی هەینی یەکی خاکەلێوەی ١٤٠٤، تەحسین دادڕەس، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی گوندی "سەردۆش"ی مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا. ناوبراو لە جۆزەردانی ١٤٠٠دا دوابەدوای لێخۆشبوونی هێزی دادوەری لە بەندیخانەی مەریوان ئازاد کرابوو.
ڕۆژی شەممە ٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، کاوە دەستان خەڵکی گوندی نێ سەر بە شاری مەریوان و چالاکی ژینگەپارێزی ئەندامی ئەنجومەنی سەوز چیای مەریوان بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
ڕۆژی شەممە ٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، لاوێکی کورد بە ناوی "چالاک پیرووزی" تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی گوندی "سەردۆش" سەر بە شاری مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.