سەرکوتی نەورۆزی کوردستان؛ ئومید مەولوودیان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

23:22 - 9 خاکەلێوه 2725

ڕۆژی سێشەممە ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئومید مەولوودیان" خەڵکی گوندی "کارێزەی سەردار" سەر بە شاری بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم لاوە تەمەن ٢٢ ساڵەیان لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوەیە وتی: دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە لە پێوەندی لەگەڵ بەشداری لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکاندا بووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە چارەنووس و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئومید مەولوودیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.