سەرکوتی نەورۆزی کوردستان؛ دەسبەسەرکرانی شەش هاووڵاتیی کورد لە سنە

01:42 - 5 خاکەلێوه 2725

لە ماوەی دوو ڕۆژدا (٢ و ٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٤) سەرجەم شەش هاووڵاتیی کورد و چالاکی مەدەنی لە پێوەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

ڕۆژی یەکشەممە ٣ی خاکەلیوەی ١٤٠٤، دوو چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە بە ناوەکانی "شنۆ محەممەدی" تەمەن ٣١ ساڵ و کچی ناسر و کارناسی کامپیۆتر، لەگەڵ هاوسەرەکەی "ساحێب(ئاریڤان) شاکری" تەمەن ٣٢ ساڵ و کوڕی محەممەدعەزیز و کارناسی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە گەڕەکی "حاجیاوا"ی سنە بە بێ بەڵگەی یاسایی و دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەیان دەسبەسەر کراون.

 لەلایەکی دیکەوە و لە هەمان ڕۆژدا (٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٤)، سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "شیروان حەیدەری" و "ئیدریس حەیدەری" و "سیروان حاتەمی"، خەڵکی گوندی "ئەوێهەندگ" سەر بە بەشی کەڵاتەرزانی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

هەروەها ڕۆژی شەممە ٢ی خاکەلیوەی ١٤٠٤، "محەممەد نادری" خەڵکی گوندی "دادانەی کەمانگەر" سەر بە بەشی کەڵاتەرزانی سنە، دوو حەفتە پاش ئازادی بە دانانی بارمتە، دیسانەوە لەلایەن هیزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دوای ئەوەی کە بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کرا، دەسبەسەر کرایەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە وردەکاری و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم شەش هاووڵاتییە و هەروەها شوێنی ڕاگیرانیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.