سەرکوتی نەورۆزی کوردستان؛ سەیفوڵڵا خان غەفاری لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا
00:46 - 5 خاکەلێوه 2725

ڕۆژی هەینی یەکی خاکەلێوەی ١٤٠٤، سەیفوڵڵا خان غەفاری، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "باشبڵاغ" و دانیشتووی سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەسبەسەکرانی ئەم هاووڵاتییە پاش بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی گوندی "قەڵاکۆن"ی سەقز و بە بێ بەڵگەی یاسایی بووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم هاووڵاتییە بەتەمەنە بە هۆی خوێندنەوەی شێعرێک لە شاعێری کورد مامۆستا قانع " گەر بە ئازادی نەژیم مردن خەڵاتە بۆ لەشم" لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی گوندی "قەڵاکۆن" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.
سەیفوڵڵا خان غەفاری لەدایکبووی ساڵی ١٣٢٦ـە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.