سەرکوتی نەورۆزی کوردستان؛ دەسبەسەرکرانی ١٣ هاووڵاتیی کورد و بانگکردنی ژنێک و دوو مێرمنداڵ لە سەردەشت

23:59 - 2 خاکەلێوه 2725

٢٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، لە پێوەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی نەورۆزی گوندی "دۆڵەگەرم" سەر بە شاری سەردەشت، ١٣ هاووڵاتیی کورد لەوانە دوو مێرمنداڵ بە ناوەکانی "شاکار عومەرزادە" تەمەن ١٠ ساڵ و "بڕیار محەممەدیانی" تەمەن ١٤ ساڵ و هەروەها ١١ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "ئارام ئالی، کەماڵ قازانی، ڕەحیم قادری، کامران غەزاڵی، عوسمان عومەرنژاد، شێرزاد شێخی، بێهزاد مەسڵەحەت، بێهرووز حەمزەپوور، محەممەد حوسێن‌پوور، ڕەحیم ئەحمەدزادە و محەممەد ئەحمەدپوور" لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سەردەشتەوە دەسبەسەر و پاش دوو ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئەم هاووڵاتییانە لە ڕۆژی یەکی خاکەلێوەی ١٤٠٤دا بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کران.

هەر لەم پێوەندییەدا، هاووڵاتییەکی ژن بە ناوی "ئازیز حوسێن‌پوور" دایکی "ئازاد ئالی" ئەندامی گیانلەدەستداوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە مەشخەڵی هەڵکردنی ئاگری نەورۆزی گوندی "دۆڵەگەرم"ی بەدەستەوە بوو، بانگی ئیتلاعاتی سەردەشت کراوە و لێپرسینەوەی لێ کراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.