مەهاباد؛ محەممەد ڕەمەزانی، شاخەوان و چالاکی ژینگەپارێز بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، محەممەد ڕەمەزانی، شاخەوان و چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی مەهاباد بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: محەممەد ڕەمەزانی بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزراوە و دواتر پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کراوە.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم چالاکە ژینگەپارێزە و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەریان کرد.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی محەممەد ڕەمەزانی زانیارییەکی ورد دەست نەکەوتووە.