چوار هاووڵاتیی خەڵكی کامێران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران

چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "مامۆستا محەممەدمیرزا ڕەحمانی"، "مووسا تابێعی"، "جەبار ئیبراهیمی" و "هێمن ئیبراهیمی" خەڵکی کامێران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، جەبار ئیبراهیمی و هێمن ئیبراهیمی هەرکام بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی و مامۆستا محەممەدمیرزا ڕەحمانی و مووسا تابێعی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ هەرکامیان بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کراون.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: ئەم چوار هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەکرانیاندا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.
ڕۆژی چوارشەممە ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم چوار هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردبوون و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە ڕایانگواستبوون.
مامۆستا محەممەدمیرزا ڕەحمانی خەڵکی گوندی "لۆن سادات" و دانیشووی گوندی "تروەرێز"ی شاری کامێران، مووسا تابێعی خەڵکی گوندی "لۆنەکۆن" و دانیشتووی شاری کامێران، جەبار ئیبراهیمی کوڕی بارام خەڵکی گوندی "تەختیزەنگی" و دانیشتووی شاری کامێران، خێزاندار و خاوەنی سێ منداڵە و هەروەها هێمن ئیبراهیمی کوڕی سەعید خەڵکی گوندی "کۆرەدەرەڵ و دانیشتووی شاری کامێرانه.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتیوەپاڵدراو دژی ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە، زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.
مامۆستا محەممەدمیرزا ڕەحمانی پاش لە سێدارەدانی حەیدەر قوربانی، زیندانیی سیاسیی کورد بەهۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی ئەو زیندانییە سیاسییە و ناڕەزایەتیی دەڕبڕین بە لە سێدارەدانی ناوبراو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ٣ حەوتوو دەسبەسەری بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتیی هەتا کۆتایی ماوەی قۆناغی دادڕەسییەکەی ئازاد کرابوو.
دواتر ئەو مامۆستا کوردە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری دووی شاری کامێران، بە ٩١ ڕۆژ زیندانی بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەریی پێشوویان، مەحکووم کرابوو.