شنۆ؛ بانگکردن و لێپرسینەوە لە کەریم مەلاعەلیزادە، چالاکی مەدەنی لە پێوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا

12:17 - 25 رەشەمه 2724

٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٣؛ لە درێژەی شەپۆلی بانگکردنی چالاکن و هاووڵاتییانی کورد لە پێوەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستاندا، کەریم مەلاعەلیزادە، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزیی خەڵکی شنۆ بانگی ئیتلاعاتی ئەم شارە کرا و هەڕەشەی لێ کرا کە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان دەبێ بەپێی ستانداردەکانی حکوومەت بن و تێیاندا لە هێما کوردییەکانی وەک "جامانە" کەڵک وەرنەگیرێ.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ کەریم مەلاعەلیزادە ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ لەم پێوەندییەدا بانگی ئیتلاعاتی شنۆ کراوە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لێپرسینەوەی لێ کراوە و هەڕەشەی لێ کراوە کە ئەگەر لە کۆتاییدا بەڵێننامەی نووسراو واژۆ نەکا، لێپرسینەوەکانی درێژەیان دەبێ.

کەریم مەلاعەلیزادە، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی شنۆیە. ناوبراو چەندین خول لە ئەندامانی لێژنەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی ژینگەپارێزی "ژینکۆ" بووە کە ئێستا چالاکییەکانی بە هۆی گوشارە ئەمنییەتییەکانەوە ڕاگیراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ناوەندە ئەمنییەتییەکان خەریکی هەوڵدان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمە نەورزۆییەکان بەپێی ستانداردە حکوومەتییەکان و بەپێی  ئەو مۆڵەتانەن کە خۆیان دەیدەن تا بتوانن هەموو لایەنەکانی ڕێوڕەسمەکان کۆنتڕۆڵ بکەن.