سنە؛ کامران ساختمانگەر، چالاکی کرێکاری بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، کامران ساختمانگەر، چالاکی کرێکاری و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی سنە بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.
ئەم چالاکە کرێکارییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنەوە بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.
ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ئەم چالاکە کرێکارییە لە شەقامی "جامی"ی شاری سنە بە بێ بەڵگەی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم چالاکە کرێکارییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
ڕۆژی دووشەممە، ٦ی سەرماوەزی ١٤٠٢، کامران ساختمانگەر، چالاکی کرێکاری، پاش ئامادەبوون لە لقی ٤ی جێبەجێکاری سزاکانی سنە، دەسبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی زیندانی سنە کرا.
کامران ساختمانگەر، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەدا، لە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی" بێتاوان ناسرابوو و بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و وتووێژ لەگەڵ کاناڵە تلویزیۆنییەکان" بە ٣ مانگ زیندانی تەعزیری و سزای نەختی مەحکووم کرابوو.
دادگا بە پشتبەستن بە ماددە یاساییەکان و دۆخی جەستەیی و بەڵگەی پزیشکیی ئەم چالاکە کرێکارییە لە دۆسییەکەیدا، ٣ مانگ زیندانی تەعزیریی ناوبراوی بۆ سزای نەختی گۆڕی و ناوبراوی سەرجەم بە ٣٤ میلیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم کرد.
ئەم چالاکە کرێکارییە، پێشتر بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە کۆمەڵە و چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو و پاش کەمکردنەوەی ئەم حوکمە بۆ ٢٨ مانگ، لە ڕێکەوتی یەکی خاکەلێوەی ١٤٠٢دا، لە زیندانی سنە ئازاد کرابوو.