ئەفشین حوسێن‌پەناهی، چالاکی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشوو بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

17:20 - 9 رەشەمه 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ڕەشەممەی ١٤٠٣، ئەفشین حوسێن‌پەناهی، چالاکی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشوو، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتیی هەتا کۆتایی قوناغی دادڕەسییەکەی، ئازاد کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە مەدەنییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە گرتنگەی شارامفەڕی سنە لە ژێر لێپرسینەوە دابووه.

ئەفشین حوسێن‌پەناهی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێراگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.

ئەم بەندکراوە سیاسییەی پێشوو، لە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٣، دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا. لە درێژەدا هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و دەستیان بە پشکنین کردووە.

ئەفشین حوسێن‌پەناهی پێش دەسبەسەرکران بانگی ستادی خەبەریی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.

ئەفشین حوسێن‌پەناهی لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا چەندین جار دەسبەسەر و بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا ئەشکەنجە و ئازار دراوە.

ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە لە ڕۆژی ٥ی پووشپەڕی ١٣٩٦دا ، سێ ڕۆژ پاش دەسبەسەکرانی ڕامین حوسێن پەناهی، لە ماڵەکەی خۆیدا و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا. لە کۆتاییدا لە  بانەمەڕی ١٤٠١دا لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە قازانجی گرووپ و ڕێکخراوە دژبەرەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.

ئەفشین حوسێن‌پەناهی کە پێشینەی هاوکاری لەگەڵ ناوەندە ژینگەپارێزەکانی لە کارنامەی خۆیدا هەیە، مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٦ لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "بەڕێوەبردنی ڕێوەڕەسمی نەورۆز و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان" بە ٨ و نیو ساڵ زیندانی مەحکووم کرابوو. ناوبراو لە کۆتاییدا لە ڕۆژی ٧ی بانەمەڕی ١٣٩٩ پاش تێپەڕاندنی نزیک بە سێ ساڵ بەندکرانەکەی کەوتە بەر بڕیاری لێبوردنی مەرجدار و لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.

ئەفشین حوسێن‌پەناهی ساڵی ٩٠ی هەتاوی پاش بەدواداچوونی دۆسیەی مردنی گوماناویی براکەی (ئەشرەف حوسێن‌پەناهی) بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی نیزام" بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرابوو و لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی حوکمەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.