ئەمجەد گوریاخێز، چالاکی کرێکاری بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کرا

18:05 - 8 رەشەمه 2724

ڕۆژی سێشەممە ۷ی ڕەشەممەی ۱٤۰۳، ئەمجەد گوریاخێز، چالاکی کرێکاری خەڵکی سنە، پاش ۳٥ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی به دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە کرێکارییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.

ئارەزوو سەبووری هاوسەری ئەمجەد گوریاخێز دوابەدوای بەدواداچوون بۆ دۆخی هاوسەرەکەی لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات و هێزی ئینتیزامییەوە هەڕەشەی دەسبەسەرکرانی لێ کرابوو.

ئەمجەد گوریاخێز، لەگەڵ نەعیم دووستی لە ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ دا دوابەدوای مانگرتنی گشتی دژی سزای سێدارە دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، دوابەدوای بانگەوازی حیزبە کوردستانییەکان دژی سزای سێدارە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان لەوانە سنە، مەهاباد، سەقز، دیواندەرە، مەریوان و ... مانگرتنی بەرینی کاسبکار و بازاڕییان بەڕێوە چوو کە شێوازی جیاوازی سەرکوت لەوانە بانگکردن، دەسبەسەرکردن و گوشار بۆ سەر بازاڕییانی بەدواوە بووە.