حەمید چەپاتی بە سێ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

17:38 - 7 رەشەمه 2724

حەمید چەپاتی، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی ورمێ، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارە بە ٣ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە مەدەنییە بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو؛ کۆبوونەوەی پێراگەیشتن بە تۆمەتی ئەو چالاکە مەدەنییە لە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، لە دادگای ئینقلابی ورمێ بەڕێوە چوو بوو و لە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕێبەندان حوکمی دادگای سەرەتایی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣، حەمید چەپاتی، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی ورمێ، پاش تێگەیاندنی لە تۆمەتی وەپاڵدراو، لە بەشی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ورمێ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرا.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣، ئەم چالاکە مەدەنییە پاش بانگکران بۆ پۆلیسی ئەمنییەت بە هۆی بڵاوکردنەوەی بابەتی ڕەخنەگرانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەسبەسەر کرا.