حوکمی زیندانی کردنی ئایهان ئیبراهیمی لە دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرایەوە

17:30 - 7 رەشەمه 2724

حوکمی زیندانی کردنی ئایهان ئیبراهیمی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ، لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرایەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پاش ڕەتکردنەوەی حوکمی زیندانی کردنی ئەو هاووڵاتییە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە، دۆسییەی ناوبراو بۆ پێداچوونەوەی دووبارە ڕەوانەی لقی هاوتەریبی دادگای ئینقلابی ورمێ کرایەوە.

سەرەتای مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٣. ئایهان ئیبراهیمی، لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەران "بزرکار" و "نەجەف‌زادە" بە تۆمەتی "ئەندامییەتی لە گرووپە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە ٦ ساڵ بەندکران بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو مەحکووم کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی دووشەممە ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٣، بەبێ بەڵگەی یاسایی و لەگەڵ توندوتیژی لە ماڵەکەی خۆیدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوەی ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە پاش ١٠ ڕۆژ لێپرسینەوە و تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو و لە کۆتاییدا، بە دانانی بارمتەی دوو میلیاردی تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ئایهان ئیبراهیمی تەمەن ٢٨ ساڵە و خوێندکاری بەشی پەرەستای زانکۆی زانستی پزیشکیی شاری گیلانە.