سنە؛ فەرزاد حەمیدی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

16:36 - 7 رەشەمه 2724

رۆژی دووشەممە ٦ی ڕەشەممەی ١٤٠٣، فەرزاد حەمیدی، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران بە دانانی بارمتە، بە شێوەی کاتی لە زیندانی سنە، ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ لێپرسینەوەی ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی شەممە ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، فەرزاد حەمیدی لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان دژی سزای سێدارە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان بە هێرشکردنە سەر ماڵی فەرزاد حەمیدی بە بێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو. هەروەها مۆبایلی فەرزاد حەمیدی بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، دوابەدوای بانگەوازی حیزبە کوردستانییەکان دژی سزای سێدارە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان لەوانە سنە، مەهاباد، سەقز، دیواندەرە، مەریوان و ... مانگرتنی بەرینی کاسبکار و بازاڕییان بەڕێوە چوو.