بەردەوامیی دەسبەسەری نەوزاد بەهرامی، چالاکی مەدەنی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە

نەوزاد بەهرامی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی گوندی "دەرەتفێ"ی شاری مەریوان، کە بۆ لێپرسینەوەی بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوو، هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە و لەو گرتنگە ئەمنییەتییە ڕاگیراوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە مەدەنییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێراگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەرییە و بەدواچوونی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان، بێئاکام ماوەتەوە.
نەوزاد بەهرامی لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، لە کاتی گەڕانەوەی لە هەرێمی کوردستان بەبێ بەڵگەی یاسایی لە سنووری "باشماخ"ی مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوەی ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، کرابوو.
هەتا ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەو چالاکە مەدەنییە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.