کۆبوونەوەی لێپرسینەوەی ٧ چالاکی مەدەنی لە دادسەرای سنە بەڕێوە چوو

16:02 - 7 رەشەمه 2724

ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕەشەممەی ١٤٠٣، کۆبوونەوەی لێپرسینەوەی سۆهراب جەلالی، کەماڵ فەکووریان، موختار ئەسەدی، فاتمە زەندکەریمی، جەماڵ ئەسەدی، جەمیل ئەمینی و زارا محەممەدی لە چالاکانی مەدەنیی سنە بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" لە لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەم شارە بەڕێوە چوو.

کۆبوونەوەی لێپرسینەوەی ئەو چالاکە مەدەنییانە بە ئامادەبوونی پارێزەرەکانیان بەڕێوە چوو و پاش کۆتایی کۆبوونەوەی لێپرسینەوەیان، ئەو چالاکە مەدەنییانە، بە دانانی بارمتەی و بە شێوەی کاتیی هەتا کۆتایی قۆناغی دادڕەسییەکەیان، ئازاد کران.

ئەم چالاکە کوردانە بەپێی بەڵگەیەکی بانگکران کە لە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ وەریان گرتبوو، پێنج ڕۆژ مۆڵەتیان هەبوو کە بۆ خستنەڕووی بەرگرییەکانی خۆیان لە لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە ئامادە بن.

ئەم چالاکە مەدەنییانە پێشینەی بانگکران، دەسبەسەکران و سزادرانی یاساییان هەیە.