سەقز؛ بانگکردنی فەرهاد مەحموودی لە بنەماڵە مافخوازەکان بە سێ تۆمەتی جیاوازەوە بۆ دادسەرا

٤ی ڕەشەممەی ١٤٠٣؛ فەرهاد مەحموودی برای فەرەیدوون مەحموودی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە سەقز، بە تۆمەتەکانی "تێکدانی نەزم و ئاسایش گشتی"، "بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بانگی لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سەقز کراوە.
فەرهاد مەحموودی بە بڵاوکردنەوەی بەڵگەی ئێلکترۆنیکیی بانگکرانەکەی بۆ دادسەرای سەقز لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا نووسیویەتی؛ دڵنیام کە ڕێبازی مافخوازییەکەم دروست بووە، چونکە ئەگەر کاریگەری نەبایە ئەم هەموو هەوڵەتان نەدەدا کە بێدەنگم بکەن. من تەنیا بۆ براکەم هاوارم کرد، و ئێوە باش دەزانن کە من لە ئێران نیم. بەڵام دۆسییەسازیم بۆ دەکەن، هەڕەشەم لێ دەکەن، چونکە تەنانەت لە دەنگی سادەی مافخوازیش دەترسێن.
بەپێی بەڵگەی ئێلکترۆنیکیی بانگکرانەکەی لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز کە ڕێکەوتی ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا لەلایەن لێپرس "حوسێن مەهدیپوور"ەوە دەر کراوە، فەرهاد مەحموودی ئەگەر لە ماوەی پێنج ڕۆژدا لە دادگا ئامادە نەبێت و بەرگری لە خۆی نەکات بەپێی یاسا بڕیاری لەسەر دەدرێت.
٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ - فەرەیدوون مەحموودی، دانیشتووی شاری سەقز لە کاتی خۆپیشاندانەکانی سەقز گیانی لە دەست دا. بەهۆی بەربەستی دام ودەزگا ئەمنییەکانەوە شەو بەبێ هیچ ڕێوڕەسمێک بە خاک سپێردرا.