سنە؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ئەفشین حوسێنپەناهی

سەبارەت بە دۆخی ئەفشین حوسێنپەناهی، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشوو کە زیاتر لە ٤٠ ڕۆژە دەسبەسەرە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دادگای ئینقلابی سنە داوای بارمتەی ٥ میلیارد تمەنیی بۆ ئازادی ناوبراو لە بنەماڵەکەی کردووە، بەڵام داواکاریی ئازادیی کاتیی ناوبراوی ڕەت کراوەتەوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: بە بنەماڵەی ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕاگەیەندراوە کە ناوبراو لە ڕۆژی ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە ڕاگوێزراوە، بەڵام تاکوو ئێستا هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە.
ئەم سەرچاوەیە وتیشی: ئەفشین حوسێنپەناهی تاکو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
ئەم بەندکراوە سیاسییەی پێشوو، لە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٣، دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە. لە درێژەدا هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و دەستیان بە پشکنین کردووە.
ئەفشین حوسێنپەناهی پێش دەسبەسەرکران بانگی ستادی خەبەریی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.
ئەفشین حوسێنپەناهی لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا چەندین جار دەسبەسەر و بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا ئەشکەنجە و ئازار دراوە.
ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە لە ڕۆژی ٥ی پووشپەڕی ١٣٩٦دا ، سێ ڕۆژ پاش دەسبەسەکرانی ڕامین حوسێن پەناهی، لە ماڵەکەی خۆیدا و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا. لە کۆتاییدا لە بانەمەڕی ١٤٠١دا لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە قازانجی گرووپ و ڕێکخراوە دژبەرەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.
ئەفشین حوسێنپەناهی کە پێشینەی هاوکاری لەگەڵ ناوەندە ژینگەپارێزەکانی لە کارنامەی خۆیدا هەیە، مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٦ لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "بەڕێوەبردنی ڕێوەڕەسمی نەورۆز و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان" بە ٨ و نیو ساڵ زیندانی مەحکووم کرابوو. ناوبراو لە کۆتاییدا لە ڕۆژی ٧ی بانەمەڕی ١٣٩٩ پاش تێپەڕاندنی نزیک بە سێ ساڵ بەندکرانەکەی کەوتە بەر بڕیاری لێبوردنی مەرجدار و لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.
ئەفشین حوسێنپەناهی ساڵی ٩٠ی هەتاوی پاش بەدواداچوونی دۆسیەی مردنی گوماناویی براکەی (ئەشرەف حوسێنپەناهی) بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی نیزام" بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرابوو و لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی حوکمەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.