مەهاباد؛ وەهاب خەدیریپوور بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

ڕۆژی چوارشەممە یەکی ڕەشەمەی ١٤٠٣، وەهاب خەدیریپوور، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ٣١ ساڵی خەڵکی مەهاباد، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کراوە.
ئەم سەرچاوەیە وتی: وەهاب خەدیریپوور لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
ئەم هاووڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناگەکانی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە بە بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.
ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، وەهاب خەدیریپوور دوابەدوای بانگکران بۆ ئیتلاعاتی ئەم شارە بە بێ بەڵگەی بانگکران، دەسبەسەر کرا.
پێشتر ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠، هێزە ئەمنییەتییەکان بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی وەهاب خەدیریپوور هێرشیان کردبووە سەر ماڵەکەی بەڵام بە هۆی قەرەباڵغبوونی ماڵەکەی وتبوویان سبەی (دووشەممە ٨ی ڕێبەندان) لە دادگای شاری مەهاباددا ئامادە بێت.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.
وەهاب خەدیریپوور، خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە. ناوبراو ئامۆزای شەماڵ خەدیریپوور لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادییە. هەروەها کۆماری ئیسلامی برایەکی ناوبراو بە ناوی سۆهراب خەدیریپوور لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە بەهاری ١٤٠٠ دا کوشتووە.