ورمێ؛ ئەنوەر چالشی، بەندکراوی سیاسیی کوردی تووشبوو بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا

01:29 - 3 رەشەمه 2724

ڕۆژی چوارشەممە یەکی ڕەشەمەی ١٤٠٣، "ئەنوەر چالشی"، بەندکراوی سیاسیی کوردی تووشبوو بە نەخۆشیی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی "خومەینی"ی ورمێ گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە سیاسییە کە لە بەندیخانەی ورمێ تووشی شێرپەنجەی ڕێخۆلە ببوو، لەم دواییانەدا لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەنوەر چالشی پاش گەشەی ئەم نەخۆشییە و نالەباربوونی دۆخی جەستەی چوار ڕۆژ پێش ئێستا ڕەوانەی نەخۆشخانەی "خومەینی" لە ورمێ کرابوو.

بانەمەڕی ١٤٠٣ش، ئەم بەندکراوە سیاسییە بە هۆی ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستییەکەی بۆ نەخۆشخانەی "خومەینی" ڕاگوێزرابوو و بە هۆی دژایەتیی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لەگەڵ وەرگرتنی مورەخەسی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بە بێ دەسپێکردنی ڕەوتی چارەسەری بە پێبەند و دەستبەدنەوە لە نەخۆشخانەدا مابووەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ١٣٩٩، ئەم هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی گوندی "لۆرزنە"سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "کامیل سەیدان مەسکەن (جەباروەند)" خەڵکی گوندی "چریاوا" سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ و "مووسا ئالووسی" خەڵکی گوندی "وەلندەی سەرەوە" سەر بە بەشی ناوەندیی ورمێ لەلایەن هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا.

پاش دەسبەسەرکرانی ئەم سێ هاووڵاتییە، قەرارگای حەمزە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئەوانی بە "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردبوو.

ئەنوەر چالشی و کامیل سەیدان مەسکەن (جەباروەند) ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ لە لقی ٧ی لێپرسینەوەی دادگای ئینقلابی ورمێ سەبارەت بە تۆمەتی وەپاڵدراو ڕوونکردنەوەیان پێ درا و بە "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کران.

 

ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە دواتر بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێوە هەر کامیان بە ٧ ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا دران.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی بەفرانباری ١٣٩٩، ئەنوەر چالشی بۆ بەندی بەندکراوانی سیاسیی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە شەش ڕۆژ پێش لە ڕاگوێزرانی بۆ بەندی بەندکراوانی سیاسی، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئەلمەهدیی ورمێوە بۆ بەندی دابڕگەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

کامیل سەیدان مەسکەن (جەباروەند)ش ڕۆژی شەممە ١٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئەلمەهدیی ورمێوە بۆ بەندی دابڕگەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

مووسا ئالووسی پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە لە گرتنگەی ئەلمەهدیی ورمێ ئازاد کرابوو.