گوشار، هەڕەشە و دۆسییەسازی دژی ٥ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی پەیمان مینبەری لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

20:25 - 25 رێبەندان 2724

٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٣؛ لە درێژەی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکان بۆ سەر بنەماڵەی گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، ٥ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی پەیمان مینبەری بە ناوەکانی ئارەزوو و ئەفشین مینبەری، خوشک و برای پەیمان و هەروەها ڕەحیم مینبەری و کەریم مورادی زاواکانی بنەماڵە و سەباح مینبەری لە خزمانی بنەماڵە، لە ڕێگەی دۆسییەسازی، بانگکردن بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان، ڕاگرتنی پاسپۆرت و پێوەندیی تلفۆنیی بەردەوام کەوتوونەتە ژێر گوشار، هەڕەشە و دۆسییەسازیی ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکانەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ خەزەڵوەری ١٤٠٣، ڕەحیم مینبەری، کەریم مورادی و سەباح مینبەری بە تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "تێکدانی نەزم  و ئاسایشی گشتی" بانگی لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سنە کراون کە لێپرسەکەی "مێهران ڕەمەزانی شەبخەوس" بووە.

هەروەها لە بەڵگەیەکی دیکەی بانگکردندا، لە ڕۆژی ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ڕەحیم مینبەری سەبارەت بە سکاڵایەکی دیکە کە تۆمەتەکانی ڕانەگەیەندراون، بانگی لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە کرابوو.

لەلایەی دیکەوە پاسپۆرتی ڕەحیم مینبەری لە ڕێکەوتی ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٣وە ڕاگیراوە و تاکوو ئێستا پێی نەدراوەتەوە. ڕەحیم مینبەری هەروەها لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنیی بەردەوامەوە کەوتووەتە ژێر گوشار و هەڕەشەی ئیتلاعات و دادگای سنە.

لە درێژەی گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی پەیمان مینبەری، ئارەزوو مینبەری، خوشکی پەیمان مینبەری کە دوای گیانلەدەستدانی براکەی تووشی کیشەی ڕۆحی و دەروونی بووە و لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە و کەوتووە ژێر گوشار و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە.

ئەفشین مینبەریش بۆ بێدەنگ مانەوە لە بەرانبەر قەتڵی حکوومەتیی براکەی، بەردەوام لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنییەوە لەژێر گوشاردایە و هەڕەشەی لێ دەکرێت.

ڕۆژی ٧ی سەرماوەزی ١٤٠١یش بنەماڵەی پەیمان مینبەری بانگی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە کرابوون و بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەژێر گوشاردا بوون.

پێشتریش دایکی پەیمان مینبەری لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاندبوو کە "کۆماری ئیسلامی وڵامدەر بێت کە بۆچی خوێنی کوڕەکەی ڕشتووم".

ڕۆژی ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠١، پەیمان مینبەری لاوی تەمەن ٢٥ ساڵی خەڵکی سنە، لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم شارە لە شەقامی وەکێڵ، بە تەقەی چەکی دەمانچەی هێزە سەرکوتکەرەکان لە پشتەوە کە بەر دڵی کەتبوو، گیانی لەدەست دا. لە بەڵگەی کۆچی دوایی پەیمان مینبەریدا هۆکاری مەرگەکەی " بەرکەوتنی شتی سەخت و تیژ" ڕاگەیەندراوە.